توێژەرێکی سیاسی: ئەگەر حزبە کوردستانییەکان دەیانەوێ مێژووی خۆیان بەگەورەیی ڕابگرن با بەدەم پەیامەکەی بارزانییەوە بچن

توێژەرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی بارزانی گوتوویەتی، زیاتر بووە لە پەیامێک و ئەگەر حزب و پارەتە کوردستانییەکان دەیانەوێ مێژووی خۆیان بە گەورەیی ڕابگرن و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە پارێزراوی بهێڵنەوە، دەبێ هەموان لە چوارچێوەی پەیامەکانی سەرۆک بارزانی، دەست بە پارادایمێکی نوێ بکەن. د. بەهرۆز جەعفەر، توێژەری سیاسی، لە وتارێکیدا، کە سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی نووسیویەتی و کۆپییەکی تایبەت بۆ (باسنیوز) ناردووە، تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەوەی بارزانی گوتوویەتی، زیاتر بووە لە پەیامێک، هەروەها دەشڵێت: “هەردوو سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕای گشتی، بە چاوی خۆیان ئاستی کاریگەریی هەرێمی کوردستانیان لە (بارزان) بینی، بە تەواوی لایەنە عێراقی و شاندە بیانییەکانیشەوە، ئاستی کاریگەریی مەسعود بارزانییان بینی، کە زیاترە لە سەرۆکێک، کە لە ڕابردوو و ئێستای عێراق و کوردستان و ناوچەکە توانیویەتی و دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت.“ ئەو توێژەرە لە بەشێکی وتارەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و نووسیویەتی: “لەبارەی دەستپێکردنی شەڕی ئیرادە بۆ هەستانەوەی کوردستان و بارودۆخی شۆڕش لە سەرەتای (١٩٦٤)، مام هەژاری موکریانی لە (چێشتی مجێور)دا نووسیویەتی (هەشتا هەزار جاش و سەرباز بە تیربار و تفەنگ دەسڕێژیان دەکرد) هەموو چەکداری پێشمەرگە لەو ناوەدا بە حاڵ دەگەیشتە پێنج سەت کەس. ئێران و تورکیا بنکەی سەربازییان لە کەرکووک بۆ بەرگری لە بەعس دانابوو. دەیانگوت تەیارەی ئینگلیستانیش بە شەو لە قوبروسەوە دێن و بەشی خۆیانی تێ دەخەن) (لاپەڕە: ٣٤٥). ئەوە بێجگە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کوردستان لەو کاتە هەستیارەدا، بێجگە لەوەی لەو کاتەدا، چەندین عەشیرەت هەر لە سنووری بادینان دژایەتی و دوژمنانەتییان بۆ شۆڕش و بۆ ڕەوانشاد مەلا مستەفای بارزانی، سنووری ئەوەی تێپەڕاندبوو، کە کەوتبوونە لاتەکی ڕژێم بۆ لەبەینبردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەڵام سەرئەنجامەکەی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئازاری ١٩٧٠) بوو، کە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی بارزانی توانییان وا بکەن، سەدام حوسێن سازشیان بۆ بکات. سەدام! کەس لەو ڕۆژگارەدا لە عێراق و ناوچەکەدا نە لە سەدام دڕندەتر بوو، نە بەهێزتر بوو.” دەشڵێت: ”سەرەتا و کۆتایی سەرکەوتنی گوتارەکەی بارزانی لەمیانەی ناساندنی مێژوویەکی نزیک و هۆکارەکانی پێویستبوونی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی) ئەوەیە، کە دارێک لە بارزان ناڕوێنن بۆ ئەوەی هەموو کەس بچێتە سێبەرەکەی، بەڵکوو لە ڕێگەی پێکەوەژیان و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانەوە، کوردستان دەکەنە سێبەرێک بۆ هەموان.“ د. بەهرۆز جەعفەر، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە هەرێمی کوردستان سیاسەتی ئابووری و میدیایی و کۆمەڵایەتی بە هەڵە گیراونەتە بەر، بۆیە دەرەنجامی هەڵەیان لێ کەوتووەتەوە و هەموان زیانیان تێدا کردووە، پێش خەڵکی کوردستان، خودی حزبە سەرەکییەکان و کەسە یەکەمەکانیان بەهۆی کەمبوونەوەی ئینتیما و کاڵبوونەوەی متمانەوە، زەرەرمەندی یەکەم بوون. بۆیە ئەگەر خوازیارن مێژووی خۆیان بە گەورەیی ڕابگرن و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەپارێزراوی بهێڵنەوە، دەبێ هەموان لە چوارچێوەی پەیامەکانی سەرۆک بارزانیدا، دەست بە پارادایمێکی نوێ بکەن. بۆ نموونە، بارزانی دەڵێت و دەیسەلمێنێت، ڕێبازی بارزان بەرزڕاگرتنی ژینگەیە، پێویست ناکات بەرانبەرەکانی خەریکی خراپ لێکدانەوەی ئەمە بن، بەقەدەر ئەوەی گرنگە پێکەوە سیاسەتێکی ژینگەیی دروست بگرنە بەر.“ ئەو توێژەرە دەشڵێت: ”ڕق و کینە و گوتاری پۆپۆلیستی کەسی بە هیچ کوێ نەگەیاندووە، کاتەکەش دەکوژێت و دەرفەتە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکانیش بۆ کورد لەدەست دەدات. لەبەرئەوەی هەمووتان پێتان وایە پەیامەکەی بارزانی مێژووییە؛ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە؛ هیچ کێشەیەکی وا لەئارادا نییە کە بە دیالۆگ چارەسەر نەکرێت، لە ئێستا زووتر نییە ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگرن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئالنگارییەکان ببنەوە و دەرفەتەکانیش زیاتر بکەن.“