سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان، لێدوانێكی نووسراوی بڵاو كردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە بارگرژیی سیاسی، راگەیاند. ئانۆ جەوهەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی، لێدوانێكی نووسراوی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، هەرێمی كوردستان لەم دواییانە بە دۆخێكی سیاسیی ئاڵۆز لەنێو پێكهاتە سیاسییە جیاوازەكاندا تێپەڕ بووە، ئەویش لە ئەنجامی نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی چەند پرسێكی هەڵواسراو. هەروەك ڕوونیشی كردووەتەوە، لە كاتێكدا ئەم قەیرانە سیاسییە لە ئارادایە، لە گوتارەكەیدا كە ڕۆژی 11ی ئایاری 2023 بە بۆنەی كردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پێشكەشی كرد، ”فەخامەتی سەرۆك مەسعود بارزانی پەیام و بانگهێشت و دەستپێشخەرییەكی راگەیاند بۆ كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش هەردوو پارتی سەرەكی (پارتی و یەكێتی)، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و سەرجەم كێشە و ناكۆكییە هەڵواسراوەكانی نێوانیان بە گفتوگۆی برایانە چارەسەر بكەن و ئەم دۆخە لە چەقبەستنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی راستەوخۆی فەخامەتیان، كۆتایی پێ بهێنن.“ ئانۆ جەوهەر جەختی كردۆتەوە: ”ئێمە لە هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی وەك گەورەترین كوتلەی نەتەوەیی گەلەكەمان (مەسیحی، كلیدانی، ئاشووری و سریانی) لە پەرلەمانی كوردستان، هاودەنگی و پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەو دەستپێشخەرییە بەهادارە رادەگەیەنین و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە میانی ئامادەیی بۆ پشتیوانیكردنی هەر هەوڵێك لەپێناو لادانی ئاستەنگەكان و گەیشتنە چارەسەرێك كە لەم دۆخە سیاسییەی ئێستا دەربازمان بكات، بەرز دەنرخێنین.“ سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە داوای لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەدەنگەوەهاتنیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی هەبێت و بەیەكەوە دابنیشن و ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن، تاوەكوو هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف ”لە نزیكترین كاتدا“ و بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت. ئانۆ جەوهەر جەختی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە لە هەڵبژاردندا گەرەنتیی دەنگی كۆتای نەتەوەییان بكرێت، ئەویش لە ڕێگەی ئەو میكانیزمەی كە ئەوان پێشتر پێشكەش بە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانیان كردووە كە بریتین لە: یەكەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات و بەبێ دواخستن و لەو وادەیەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە. دووەم: هەڵبژاردنی كۆتای پێكهاتەی مەسیحی (كلدان، سریان و ئاشووری) لە چوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، بەبێ دابەشكردنی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. سێیەم: نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە دەنگدەرانی كۆتای پێكهاتەی مەسیحی (كلدان، ئاشووری و سریان) و هەروەها نوێكردنەوەی وێستگە و سندووق و كارتەكانی دەنگدانی تایبەت بە پێكهاتەكە.