هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا دەستی پێ كرد و زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن. بەپێی راپرسییەكان، كێبڕكێیەكی توند لە نێوان هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدارئۆغلووی بەربژێری ئۆپۆزسیۆن لەسەر پۆستی سەركۆماری توركیا دەبینرێت. هەروەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش، هەریەك لە هاوپەیمانیی گەل كە پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی راستڕەو و هەندێك گرووپی دیكە لە لایەك و هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن (لە 6 پارتی ئۆپۆزسیۆن پێكهاتووە) بە سەرۆكایەتیی كلیچدار ئۆعلوو كێبڕكێ دەكەن. زانیاریی گشتی: -دەنگدان لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە كاتژمێر 5ی ئێوارە كۆتایی بێت. – نزیكەی 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە – زیاتر لە 191 هەزار سندووقی دەنگدان لە تەواوی توركیا دانراوە. – تا كۆتایی كاتژمێر 6ی ئێوارە، بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە كەناڵەكان و ڕادیۆكان قەدەغەیە. – لە كاتژمێر 7ی ئێوارەوە ڕێگە دەدرێت دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاو بكرێتەوە. بەربژێرانی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار: – رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئێستای توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، پاڵێوراوی هاوپەیمانیی گەلی فەرمانڕەوایە. – كەمال كلیچدارئۆغلوو: سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری و بەربژێری هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن. – سینان ئۆغان: بەربژێری (هاوپەیمانیی ئەجداد)ی نەتەوەخوازی ڕاستڕەوی ئۆپۆزسیۆن. محرم ئینجا: پێش دەست پێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، كشایەوە.
هەڵبژاردن لە توركیا دەستی پێ كرد
