ئازەربایجان: هەواڵگریی ئێران پیلانگێڕی بۆ كودەتا دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە حكوومەتی ئازەربایجان دەستگیركردنی 9 هاووڵاتیی خۆی بە تۆمەتی ئەنجامدانی كودەتا بەسەر دەوڵەتدا راگەیاند، ئاشكراشی كرد كە ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هەواڵگریی ئێرانەوە راسپێردراون بۆ ئەنجامدانی كودەتا و تیرۆری سیاسی. ئەم هەواڵەی ئەمڕۆ لە كاتێكدایە كە ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و باكۆ گەیشتووەتە ترۆپك و هەردوو وڵات دیبلۆماتكارانی یەكتریان دەركردووە. لەمبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری و نووسینگەی داواكاری گشتیی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، ئاشكرایان كردووە كە هێزەكانی جێبەجێكردنی یاسا، چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە كە پەیوەندییان بە هەواڵگریی ئێرانەوە هەبووە و بە نیاز بوون كودەتای سەربازی ئەنجام بدەن و كەسایەتی ناسراو و بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەش تیرۆر بكەن.