ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە كۆكردنەوەی 200 هەزار چەكدار لە ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، لەسەر خواستی ئێرانە و ئەو وڵاتە بۆ مەبەستەكانی خۆی بەكاریان دێنێت. رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئێران چەند مەبەستێكی هەیە لە گەورەكردن و راگرتنی حەشدی شەعبیی عێراق، رەنگە یەكێك لە مەبەستەكانی بۆ بەكارهێنانیان بێت لە دروستكردنی بەرەیەك دژی ئیسرائیل، هەروەها بۆ مەبەستی دەست بەسەرداگرتنی دارایی عێراق و یارمەتیدانی میلیشیاكانی فەڵەستینیشە. هەروەها ئەوەشی نووسیوە كە لە بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراقدا، بڕی 2.7 مليار دۆلاری ئەمریكی بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تەرخان كراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دوو هێندە گەورە بووە و ئێستا بووەتە سێیەم هێزی سەربازی لە عێراق، لە دوای هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراقی فیدراڵ.