بەربژێرێكی پارتی كاری توركیا لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، توانیی سەركەوتوو بێت و بچێتە پەرلەمانەوە، بەڵام لە زیندانە و كار دەكرێت بۆ ئەوەی ئازاد بكرێت. جان ئاتاڵای، بەربژێر لەسەر لیستی پارتی كار لەسەر بازنەی هاتای، دەنگی پێویستی هێنا بۆ بوون بە پەرلەمانتار، بەڵام لە زیندانە و پارێزەرێكیش دەڵێت، بەپێی دەستووری توركیا دەبێت ئازادی بكەن. جەلال ئولگەن وەكوو پارێزەر بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو دۆسیەیە دەربڕی و پێی وایە دەبێت ئاتالای ئازاد بكرێت. ئولگەن قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”بەپێی ماددەی 83ی بڕگەی 2 لە دەستووری توركیا، ئەگەر پەرلەمانتارێك، بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن تۆمەتبار بكرێت بە تاوانێك، ئەگەر بڕیاری پەرلەمان نەبوو ناتوانرێت دەستگیر بكرێت، هەروەها ناتوانرێت پەلكێشی لێكۆڵینەوەی بكەن و دەستبەسەری بكەن و دادگایی بكەن.” هەروەها باس لە ماددەی 67ی دەستوور دەكات، كە هەموو هاووڵاتییەكی توركیا ئەگەر مەرجەكانی گونجاو بوون، دەتوانێت بە شێوەی سەربەخۆ، یان لەژێر چەتری پارتێكیدا بچێتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن. بۆیە ئەو پارێزەرە پێی وایە، دوای هەفتەیەكی تر، ئاتاڵای پارێزبەندی وەكوو پەرلەمانتار بۆ دەگەڕێندرێتەوە و دەبێت دەمودەست ئازاد بكرێت.
بەربژێرێک بووەتە پەرلەمانتار و لە زیندانە
