نەتەوە یەكگرتووەكان مەترسییەكی گەورە لەبارەی داهاتووی عێراق ئاشكرا دەكات

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، زەنگی مەترسییەكی گەورە لە عێراق لێ دەدات و دەڵێ تا دەیەی داهاتوو، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی تەنگژەی نەمانی ئاو دەبێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هۆشداری دا لەوەی عێراق تا ساڵی 2035، ناتوانێت 15%ی پێداویستییەكانی هاووڵاتییان بۆ ئاو دابین بكات. بلاسخارت لە میانی وتەیەكیدا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە عێراق گوتی: “بەهۆی وشكەساڵی و كەمی ئاوەوە، 90%ی ئاوی ڕووبارەكانی عێراق پیس بوون”. گوتیشی تا ساڵی 2035 لە توانای عێراقدا نامێنێت زیاتر لە 15%ی پێداویستیی خەڵكی وڵاتەكە لە ئاو دابین بكات، واتە 85%ی دانیشتوانی عێراق بەهۆی نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن. بلاسخارت ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنانەت ئێستا لە ساڵی 2023دا، نزیكەی حەفت ملیۆن كەس لە دانیشتوانی عێراق بە دەست كێشەی نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.