پیرە پیاوێكی 111 ساڵ لە كەلار بەهۆی ڕووداوێكەوە گیانی لەدەست دا

ئەمڕۆ هەینی لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئۆتۆمبێلێکی مینی پاس، پیرە پیاوێکی تەمەن 111 ساڵی شێلا و بەم هۆیەوە گیانی لەدەست دا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش دەستگیر کرا. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاوی کردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەنێو بازاڕی کەلار و نزیک قوتابخانەی لەیلا قاسم ئۆتۆمبێلێکی مینی پاس هاووڵاتییەکی شێلا بەناوی عەلی سابیر ئیربارە، لەدایکبووی 1912 بوو. ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار و چارەسەری پێویست بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا و پێش گەیشتنی بە سلێمانی، گیانی لەدەست دا، ئێستاش پۆلیس پەڕاوی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەپێی مادەی 24ی هاتوچۆ لەلای پۆلیس بەند کراوە.