فراكسیۆنی پارتی: بۆ دروستنه‌بوونی بۆشایی یاسایی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌نێین

پێش كه‌مێك، زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: “له‌پێناو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به بژارده‌ی لایه‌نه‌كانی تر ڕازی بووین، كۆمسیۆن وه‌كوو خۆی كارا بكرێته‌وه‌، نه‌ك به‌ به‌ركه‌وته‌ی دواهه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن بكرێ.” ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “به‌ پێشنیازه‌كانی لایه‌نه‌كانی تر و به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی رازی بووین،كه‌ هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردن، له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بكرێته‌ 4 بازنه‌ و سیسته‌میش بكرێته‌ 50 به‌ 50 و سیسته‌می ئه‌لیكترۆنیی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراقیش بكرێته‌ بنه‌ما و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماری وه‌زاره‌تی پلانادانانی عێراقی بێ.” سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: “ئێمه‌ له‌پێناو دروستنه‌بوونی بۆشایی یاسایی به‌ پێشنیاز و داواكاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ رازی بووین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و كاته‌ی كه‌بۆی دیاری كراوه‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ وه‌كوو به‌رپرسیاریه‌تیی و ئه‌ركی خۆماشمان ده‌مانه‌وێت سبه‌ی له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئه‌و ڕێكارانه‌ی پێویستن بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و ئه‌نجامدانه‌ی هه‌ڵبژاردن، بیانگرینه‌ به‌ر و بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و بابه‌ته‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان.” روونیشی كرده‌وه‌، وه‌كوو فركسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، “بۆ دروستنه‌بوونی بۆشایی یاسایی، هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی دیاری كراودا ئه‌نجام بدرێت.”