لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، لە گەڕی یەكەمدا شەش ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر نەچووبوونە سەر سندووقی دەنگدان، بۆیە هەردوو بەربژێری سەرۆكایەتی، هەوڵی ئەوە دەدەن، بڕوا بەو دەنگدەرانە بهێنن بچنە سەر سندووق و دەنگ بدەن. ژمارەی ئەو كەسانەی بۆیان هەبوو لە ناوەوەی توركیا دەنگ بدەن، 60 ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر بوو، بەڵام لەو ڕێژەیە شەش ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر، دەكاتە 11%ی دەنگی توركیا، نەچووبوونە سەر سندووقی دەنگدان. هەریەك لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری ”هاوپەیمانیی كۆماری” و كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ”هاوپەیمانیی میللەت” بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی کۆماری تورکیا لە هەوڵی ئەوە دان بڕوا بەو دەنگدەرانە بێنن لە گەڕی دووەمدا بچنە سەر سندووقی دەنگدان، كە بێگومان كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت. جیاوازیی نێوان ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگە، بەڵام سێ ئەوەندەی ئەو دەنگانە نەچوونەتە سەر سندووقی دەنگدان، بۆیە هەردوو بەربژێر لە ڕێگەی پارتەكانیانەوە هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، تا بتوانن ئەو دەنگانەی نەچوونەتە سەر سندووقی دەنگدان ڕازی بكەن. توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیدا زۆرە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری دیموكراتی، لە 2010-وە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لە تەواوی دنیادا 66% بووە، هەروەها لە وڵاتانی ئەورووپا لە 1950-وە تا 2023، بەردەوام ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا لە كەمی داوە، بۆیە ئەو بەشدارییەی دەنگدەرانی توركیا لە هەڵبژاردنی 2023، كە 89% بوو، ڕێژەیەكی زۆرە و میدیا جیهانییەكان بە گرنگییەوە باسی دەكەن و قسەی لەسەر دەكەن. بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسی (BBC)ی توركی، ئەو شارانەی كە ڕێژەی بەشداری دەنگدان خوار 85% بووە، 19 شارن، كە لە 14 شاریان كەمال كلیچدارئۆغڵو زۆرینە بووە، هەروەها لە 17 شاریش هەدەپە ڕێژەیەكی زۆری دەنگی لێ هێناوە، بۆیە دەكرێت بڵێین ڕێژەی كەمی بەشداریی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار لە باكووری كوردستانە. با نموونەی چەند شارێكی باكووری كوردستان وەربگرین، لەبارەی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردندا: – لە ئامەد لە هەڵبژاردنی 2018، ڕێژەی بەشداری 83.93% بوو، لە 2023 ڕێژەی بەشداری بۆ 78.97% دابەزی. – لە ئاگری لە هەڵبژاردنی 2018، ڕێژەی بەشداری 78.97% بوو، لە 2023 ڕێژەی بەشداری بۆ 72.8% دابەزی. – لە وان لە هەڵبژاردنی 2018، ڕێژەی بەشداری 83.34% بوو، لە 2023 ڕێژەی بەشداری بۆ 78.62% دابەزی. ڕیحا ڕوحاڤیئۆغڵو، سیاسەتوانی باكووری كوردستان، پێی وایە بەهۆی ئەوەی هەدەپە وەكوو پێوست كاری نەكرد و هانی دەنگدەری نەدا بچێتە سەر سندووقی دەنگدان، بۆیە ڕێژەی دەنگدان لە باكووری كوردستان كەمی كردووە. ئەو قسەی بۆ (BBC)ی توركی كردووە و پێی وایە، بۆ ئەوەی ڕێژەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە باكووری كوردستان بەرز ببێتەوە، دەبێت هەدەپە كاری جددی و بانگەشەی جددی بكات. ڕیحا دەڵێت: ”بەهۆی ئەوەی هەدەپە هیچ بەربژێریكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نییە، بۆیە بڕواپێهێنانی دەنگدەر بەوەی بچێتە سەر سندووق كەمێك زەحمەتە، بۆیە دەبێت لەو 18 شارەی هەدەپە قورسایی تێیاندا هەیە، بانگەشە چڕ بكەنەوە و دەنگدەر هان بدەن دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات و ئەدای خۆیان باشتر بكەن.” بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بۆیە ڕازیكردنی ئەوانەی نەچوونەتە سەر سندووق بۆ ئەو ئاسانترە لە كلیچدارئۆغڵو، تەنانەت ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە، دەنگدەری هەدەپەش بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و لەو ڕووەوە تیمێكی گەورەی پێك هێناوە، تا بتوانن لە دەنگدەری هەدەپە نزیك ببنەوە. بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كراوە، لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، توێژی گەنجان كەمترین بەشدارییان هەبووە بۆ دەنگدان.
لە گەڕی یەكەم شەش ملیۆن دەنگدەر نەچوونە سەر سندووقی دەنگدان لە گەڕی دووەمدا هەڵوێستیان دەگۆڕێت؟
