حكوومەتی عێراق دەربارەی دانانی باج و ڕسووماتی نوێ لەسەر بەنزین و گازوایل ڕوونکردنەوە دەدات. باسم عەوادی، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: “لە بودجەی ساڵی 2023دا هیچ باجێكی نوێ لەسەر سووتەمەنیی ئۆتۆمبێل دانەنراوە و ئەو سووتەمەنییەی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت، لەلایەن حكوومەت و وەزارەتی نەوتەوە وەكو یەك و بە پاڵپشتی، نرخەكان دەمێنێتەوە.” پێشتر میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە حکوومەتی عێراق بەپێی پرۆژەیاسای 2023 بڕیاری داوە، بە ڕێژەی 5% باج لەسەر هەر لیترێکی بەنزین و 10% لەسەر گازوایل دابنێت. گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد: “ئەو باجانەی لە بودجەدا ئاماژەیان پێ كراوە بۆ ناوخۆی حكوومەتە لە نێوان كۆمپانیا و دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی نەوت.” ڕوونیشی کردەوە: “ساڵی داهاتوو توانای بەرهەمهێنانی بەنزین بەرز دەكەینەوە و هاوردە کەم دەکەینەوە، ئەو داهاتە بۆ دامەزراوە و كۆمپانیاكانی وەزارەتی نەوت دابین دەكەین كە لە ئەنجامی كەمكردنەوەی هاوردەكردنی سووتەمەنی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێتە ئاراوە.” ماڵپەڕی جیهانیی نرخی بەنزین لە خشتەی مانگی ئایاری 2023دا ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق بۆ پلەی 13 دابەزیوە، دوای ئەوەی لە لیستی وڵاتانی هەرزانترین نرخی بەنزین لەنێو 170 وڵات ڕیزبەندیی 11ی هەبوو، بەڵام لە ماوەی مانگی ئایاردا نرخی فرۆشراوی بەنزین لە ناوخۆدا 573 سەنت بۆ هەر لیترێک بەرز بووەتەوە.