ئەردۆغان: سوپاسی گەلەكەم دەكەم

ئەمشەو رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەركەوتنی بەسەر كەمال کڵچدار ئۆغڵوی ركابەری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیادا، لە پەیامێكدا سوپاسی گەلەكەی كرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا، بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە و جارێکی دیکە پێش کەمال کڵچدار ئۆغڵو کەوتەوە بە رێژەی زیاتر لە 52%ـی دەنگەکان. بەم بۆنەیەوە ئەردۆغان لە وتارێكی جەماوەریدا رای گەیاند كە سوپاسی گەلەكەی دەكات بەرانبەر پێدانی ئەو هەلەی كە پێنج ساڵی تریش بەرپرسیارییەتی وڵاتەكە لەئەستۆ بگرێت. جێی باسە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدار ئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانیی میللـەت نزیکەی 24 ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە. بەگوێرەی دەستووری نوێی توركیا، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.