ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی حەجی عێراق وادەی دەستپێکردنی یەکەم گەشتی حاجیانی عێراق و هەرێمی كوردستانی دیاریکرد. دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویكردەوە: “رۆژی سێشەممەی داهاتوو یەکەم گەشتی حاجیانی عێراقی دەبێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز لە مەدینەی پیرۆز “. ئاماژەی بەوەش كردووە كە حاجیان لە ڕێگای ئاسمانیەوە لە هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف و بەسڕە و کەرکوک و هەولێر و سلێمانی، گەشتەکانیان دەکەن ،کە لە رۆژێکدا پێنج گەشت دەبێت. دەستەی حەج ئەوەشی خستووەتەروو کە وادەی یەکەمین کاروانی حاجیان لە رێگای وشکانی لە دەروازەی سنووری عەرعەرەوە لەرۆژی هەینی 2ی حوزەیرانی داهاتووەوە ئەنجام دەدرێت. راشیگەیاندووە: “671 پاسی گەشتیاری مۆدێرن و پێشکەوتوو بەهەموو ئامادەکاری و پێداویستی تەندروستی ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە پارێزگاکانیانەوە بۆ سعوودیە و ئامادەکاری ئەمنی تەواو کراوە بۆ سەرکەوتنی پلانی گواستنەوەی وشکانی.” بۆ ئەمساڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكی 38 هەزار كەس گەشتی حەج دەكەن.