لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد ڕێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتەكەدا 11 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە و حكوومەت پێویستی بە پلانێكی تۆكمە هەیە لەپێناو دابینكردنی قوتابخانە و كۆرسی خوێندن. پەرلەمانتاری جەواد غەزالی جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئێستا زیاتر لە 11 مليۆن كەس لە عێراقدا نەخوێندەوارن، چاوەڕێش دەكرێ لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزتر بێتەوە، ئەمەش بەهۆی دابڕانی ڕێژەیەكی زۆری منداڵان لە قوتابخانە و خراپبوونی باری ئابووری. ئەوەشی گوت كە وەزارەتی پەروەردە بە لایەنی كەمەوە پێویستی بە بنیاتنانی هەزار قوتابخانەی نوێیە لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق، بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی نەهێشتنی نەخوێندەواری.