چوارچێوەی هەماهەنگی كە سەقفی كۆكەرەوەی گرووپە عەرەبییە شیعەمەزهەبەكانە، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئایاری 2023 لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سوودانی و سەركردەكانی دیكەی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەمیندارێتیی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتەكان و بارودۆخی سیاسی و ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ كراوە كە گرنگترینیان پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025.
هاوكات جەخت لەسەر زەروورەتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی بودجە بە خێراترین كات كردووە، بەهۆی وابەستەیی راستەوخۆی بە كاروباری حكوومەت و هاووڵاتییان و وەدیهێنانی خواستە خزمەتگوزارییەكانەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕەچاوكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەبێ رێزگرتن لە رێككەوتنی سیاسیی (هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت) هەردوو ماددەی 13 و 14ی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بە شێوەیەكی دوژمنانە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان هەموار كردەوە، لەسەر هەموارەكەش هەریەك لە هەرێمی كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و نەرمین مەعرووف، ئەندامی فراكسیۆنەكە واژۆیان كرد.