سەرۆك وەزیرانی عێراق، چاودێرێكی سیاسی دەداتە دادگا

ئەمڕۆ دووشەممە ناوەندێكی تایبەت بە مافەكان و ئازادییەكان لە عێراق ئاشكرای كرد نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، سكاڵای یاسایی لە دژی چاودێرێكی سیاسی تۆمار كردووە. بەپێی ناوەندی (نەخیل) بۆ مافەكان و ئازادی رۆژنامەوانی، نووسینگەی سوودانی سكاڵایەكی یاسایی لە دژی محەمەد نەعناع چاودێری سیاسی تۆمار كردووە. ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر نووسینگەی سوودانی سكاڵایەكی تری یاسایی لە دژی چاودێرێكی تری سیاسی تۆمار كردبوو و لەمبارەیەوە ناوەندی نەخیل سەرسڕمانی دەربڕیوە و رای گەیاندووە كە ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی سوودانی دژی ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕینە. جێی باسە محەمەد نەعناع بە ناوەندی (نەخیل)ی راگەیاندووە كە ئەمڕۆ چووەتە بەردەم دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغدا، دوای ئەوەی دوێنێ داوای لێ كرابوو لەبەردەم دادگادا ئامادە بێت بە تۆمەتی جنێودان بەپێی مادەی 433.