ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەكانی باكووری شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵی، خۆپیشاندانی جەماوەری بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە دەستی پێ كرد. خۆپیشاندەران ناڕەزاییان لە دژی شارەوانی و حكوومەتی فیدراڵی دەربڕی لە بەرانبەر دابین نەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو نەخۆشخانە و چاك نەكردنەوەی ئاوەڕۆكان و قیرتاو نەكردنی شەقامەكانی پایتەختی فیدراڵی. بەپێی میدیاكانی عێراق، ئەم ئێوارەیە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی ناڕازی لە گەڕەكی سەبع ئەلبور ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی فیدراڵی كرد سەردانی ناوچەكەیان بكات و بە چاوی خۆی ببینێت لە چ دۆخێكدا دەژین.