مامه‌ڵه‌كردنی بازرگانی به‌ دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی عێراق قه‌ده‌غه‌ كرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماژە به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌مه‌وپاش هه‌ر كه‌سێك له‌ بازاڕ و شوێنه‌ بازرگانییه‌كاندا به‌ دۆلار مامه‌ڵه‌ بكات، رووبه‌ڕووی سزادانی یاسایی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 5 ساڵ زیندانی كردن. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/5/2023، بەڕێوه‌بەری جموجۆڵی تاوانه‌ ڕێکخراوه‌كان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید حوسێن تەمیمی، به‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی حكوومه‌تی عێراقی راگه‌یاندووه‌: “لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوه‌، بە هاوکاری بانکی ناوەندیی عێراق، هەڵمەتێک بۆ ڕێگریکردن لە خاوەن بازاڕ و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان دەستی پێ کردووه‌، بۆڕێگری كردن لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بری دیناری عێراقی.” ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، “زۆربه‌ی بازاڕ و دووكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ بوون، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ بازرگانان له‌ بازاڕ و شوێنه‌ بازرگانییه‌كاندا تا ئێستاش هه‌وڵی سه‌رپێچیكردنی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌ن و له‌بری دینار مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و سزای یاسایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانیان له‌بری دینار به‌ دۆلار ده‌كه‌ن و سزاكه‌شیان ده‌گاته‌ 5 ساڵ زیندانی كردن.” روونیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ هه‌موو جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی ده‌گرێته‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل و هه‌ر شوێن و ناوه‌ندێكی دیكه‌ی بازرگانی، بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌رجه‌م شار شارۆچكه‌كانی عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرێت، جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.”