ئەمڕۆ یەکشەممە 4/6/2023، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی و هەماهەنگیی قەیرانەکان و سەرجەم پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەڵمانیا و کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان پەیمانگای ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەکرێتەوە. لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پەیمانگای ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی کردنەوەی باشترین و بەهێزترین ناوەندی وەڵامدانەوە و چارەسەری قەیرانەکانی دەرکردووە. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ کردنەوەی بەهێزترین ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کردووە. ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: شانازی بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دەکەین و هاوکاریی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە ڕێگە نادەن هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان کولتووری پێکەوەژیان تێک بدات و گوتی: دەبێ ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عیراقدا جێبەجێ بکرێت.