ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێكی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق ئاشكرای كرد، ڕۆژانە شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوەڕۆ لە عێراق دێتە بەرهەمهێنان، ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر تەندروستیی دانیشتوان دروست دەكات، چونكە ئەم ڕێژەیە نە چارەسەر دەكرێت و نە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكانیشدا یەك دەگرێتەوە. جاسم فەلاحیی بریكاری هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (ئەلعێراقییە)، رای گەیاندووە كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوونی ژینگەی عێراق و پیسبوونی ئاوی پاك و خواردنەوە بەهۆی چارەسەرنەكردنی ئاوەڕۆوە، مەترسیی زیاتر لەسەر تەندروستیی گشتی دروست دەبێت. فەلاحی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئاوەڕۆی عێراق دەڕژێتە ناو ڕووبارەكان و سەرچاوەكانی ئاو و خاكی كشتوكاڵییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری سەرەكیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا. دەشڵێ ڕۆژانە لە عێراقدا، زیاتر لە شەش ملیۆن مەتری سێجا ئاوەڕۆ دێتە بەرهەمهێنان، ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر بەرزە و لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكاندا یەك ناگرێتەوە. ئاشكراشی كردووە كە ئەو ڕێژە بەرزەی ئاوەڕۆ، كێشەیەكی راستینەی ڕووبەڕووی حكوومەت كردووەتەوە، كە ناتواندرێ ئەو هەموو ئاوەڕۆیە چارەسەر بكرێت و پاك بكرێتەوە، سەرباری ئەوەی ژێرخانی عێراق لە چارەسەركردنی ئاوەڕۆدا كۆن و پەككەوتووە.