جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، بەبێ تەرخانکردنی پارە، بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە کێشە بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دروست دەکات. مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە(باسنیوز)ی راگەیاند، بەداخەوە چەند هەفتەیەکە هەندێک فراکسیۆن، بەتایبەتیش یەکێتی، لەپێناو تێپەڕاندنی پلانگێڕییەکانیان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەپاساوی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان، هاتوون بڕگەیەکیان هێناوە و ناویان ناوە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و خەڵکییان پێ سەرقاڵ کردووە، “ئەم بڕگەیە بەبێ تەرخانکردنی پارە بۆی هیچ بەهایەکی نییە، بەڵکوو ئەگەر بەو جۆرە تێپەڕێ، کێشە بۆ خودی مووچەخۆرانیش دروست دەکات، چونکە دەستی حکوومەت لە دابەشکردنی مووچەی مانگانە دەبەستێت، چونکە ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێ بەشی هەموو خەرجییەکان ناکات.” جەختیشی کردەوە کە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ مووچەخۆراندا راستگۆیە و نایەوێ بە شتی ناڕاست هەڵبخەڵەتێن، بەڵکوو هەموو هەوڵێک دەدات لە بودجەدا پارە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکرێ.
مەریوان قەرەنی: پارتی لەگەڵ مووچەخۆرانی کوردستان ڕاستگۆیە و ناهێڵێ موزایەدەیان بەسەرەوە بکرێ
