ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاشکرا هەوڵی لەتکردنی هەرێمی کوردستان دەدات. هێڤیدار ئەحمەد لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی(فەیسبووک) نووسینێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: “دوای ١٦ی ئوکتۆبەر، هێزێکی (کوردستانی) هاتن و گوتیان بەڵێ خیانەتمان کرد و ئەوە ئیمزای ئەندامانی قیادەی ئێمە و بە شانازییەوە پێشانی خەڵکیان دا، واتە پێشتر بە (نهێنی) لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزە دژە کوردستانییەکان و هەندێ دەوڵەتی ناوچەکە رێک کەوتبوون.” باسیشی لەوە کردووە: “ئێستا ئەوەی دەبینرێت لەوە دەرچووە بە (نهێنی) بەردەوامی بە خیانەت بدەن لە دژی کوردستان، ئەمجارە بە ئاشکرا و بێ هیچ شەرمێک، چوونەتە بەغدا و لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ داوای (لەتکردن و پارچەپارچەکردنی کوردستان دەکەن) داوا دەکەن بەغدا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات! بەبیانووی ئەوەی حکوومەتی هەرێم پارە لە سلێمانی دەبڕدرێت؟” هێڤیدار ئەحمەد پرسیاری ئەوەی کردووە ئاخۆ “ئەوە نەبوو هەموو مانگێ لە داهاتی (هەولێر و دهۆک) مانگانە ٣٠٠ ملیار دینار رەوانەی سلێمانی دەکرا بۆ پێدانی مووچە و پارەی ئەو خەڵکەی بزر دەبوو، کەچی پارەکە هەر نەدەگەیشتە دەستی خاوەنەکەی؟ بۆچی بەغدا ئەوکات فریای تۆ نەدەکەوت؟” هەروەها پرسیویەتی: “کەی خەڵکی سلێمانی ئێوەی سەرپشک کردووە بە ناوی ئەوان کوردستان دابەش بکەن و تاپۆی سلێمانی بدەنە جەماعەتی (ئەمنە سوورەکە) کە ئێستا بە ناوێکی دیکە لە بەغدان!” لە کۆتاییشدا بەبێ ئەوەی ناوی یەکێتی بهێنێت، نووسیویەتی: “بە ئەفعالەکانتان نیوەی کوردستانتان لەدەست دا و کەرکووکتان تەسلیم کرد و ئێستا بوونەتە حزبی (گەڕەکێکی) سلێمانی، خۆتان دەزانن چیتان کردووە، ئێستا لە هەڵبژاردنی کوردستانیش دەترسن.”