بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، خزمەتى ڕۆشنبیرى و ئەدەبى سریانى لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها لە وڵاتانى دراوسێدا دەکات، بە جۆرێک، هەر شوێنێک کە بوونی گەلی سریانی لێ بێت، ئەوا خزمەت بەوێ دەگەیەنن. كلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پاڵپشتی و گرنگیپێدانە، لە چوارچیێوەى ئەو ڕوئیا و پلانە ڕاستەوخۆیەی حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە دێ کە دەبێ کەلتوور و جڤاکی سریانی لە بزاڤ و چالاکیی ڕۆشنبیریی خۆی نەکەوێ و بەردەوام بێ و پەرەی زیاتری پێ بدرێ، ”دیارە ئەمەش بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستانە.“ ئەم قسانەی کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە میانەى ئەو دیبەیتە هات کە كۆمەڵەی سریانى لە بەیرووت لەژێر ناونیشانى (ئاڵنگارییەكانی مانەوە بۆ گەلەکەمان) لە ڕۆژى سێشەممە 6ى حوزەیرانى 2023 ڕێکی خستبوو. لە سەرەتای وتارەکەیدا، ئۆغنا بە ستایشکردنی ڕۆڵی کۆمەڵەی سريانی لە پێشڤەبردن و پەرەدان بە پرسەکانی گەلی سریانی دەستی پێ كرد، كۆمەڵەكەی بە ”ماڵێک بۆ گشت چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بوارەکانی تری ڕۆشنبیری و جڤاکی“ ناساند، لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی سریانی بەوە ناساند کە سەکۆیەکە بۆ خەباتی گەلی سریانی، لە ڕۆژهەڵات و لە تاراوگەشدا. لە درێژەی قسەکانیدا، ئۆغنا تیشکی خستە سەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی سریانی کراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە جۆرێک دووچاری کۆمەڵێک کارەسات هاتوونەتەوە کە لە کوشتارگەی سێفو (لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەكەمدا عوسمانییەكان بەرامبەر بە سریانییەكان ئەنجامیان دا) لە ساڵی 1915وە دەستی پێ كردووە، تا کوشتارگەی سێمێل (ڕژێمی پاشایەتیی عێراق لە دژی سریانییەكان ئەنجامی دا و سەدان كەسی سریانی لە سێمێل و گوندەكانی سنووری دهۆك و نەینەوا بوونە قوربانی) لە ساڵی 1933 و کوشتارگەکانی داعش لە ساڵی 2014. ئۆغنا باسی لەوەش کرد کە تێڕوانینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ڕەهەندی فرەنەتەوەیى و فرەئایینی و قەبووڵکردنی بەرامبەر، دەبێتە هۆی تاکڕەوی و پەراوێزخستنی ئەوانی تر، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر شێواندن و لەناوبردنی پێکەوەژیان و تەبایی و سەقامگیریی ناوچەکە کە بە فرە ڕەهەندیی دەناسرێتەوە. هەر لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: ”ڕاستە ئێمە لە عێراقدا کەمینەین، بەڵام هەمیشە شانازی بەوە دەکەین کە بەشێک نەبووینە لە وێرانکارییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا.“ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، بە خستنەڕووی کۆمەڵێک داتا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سریانی ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ڕاستەقینەی گەلی سریانی تا پێش ساڵی 2003 نزیکەی یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس بووە، بەڵام بە هۆکاری نەپاراستنی یەکسانیی نەتەوەیی و ئایینی و فرەڕەنگی، ئێستا خەریکە کەنیسەکانیان چۆڵ دەبن. سەبارەت بە دۆخی گەلی سریانی لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆغنا ژیان و گوزەران و ئازادیی سریانەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و بە ”باشە“ وەسفی کرد، بە جۆرێک کە ”پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستاندا گەشەی زیاتری بەخۆوە بینیوە، بەپێی بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شارۆچکەی عەنکاوە کرا بە قەزا و ئێستا بە ئازادی و ئارامی، 75 هەزار كەس كە لە گەلی سریانین، تێیدا نیشتەجێیە، پێویستە بە هەموومانەوە بایەخ و گرنگیپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین و کار لەسەر ئەوە بکەین كە پەرەی زیاتریشی پێ بدەین.“ دەربارەی زمانی سریانی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەری سریانی، زمانی سریانی بە زمانێکی ڕەسەن و نیشتمانی لە عێراق و و لە زۆرێک لە ناوچەکە لەقەڵەم دا و رای گەیاند، زمانەکە بە زمانێکی فەرمی دادەنرێت، ئەمەش بۆ خۆی دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە بۆ ڕۆڵەی گەلەکەمان. هەر لەبارەی دۆخی سریانەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆغنا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی كوردستان، ”بوون و ئامادەیی باشمان هەیە.“ لە کۆتایی قسەكانیشیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بە بزاڤ و چالاکی و کاری جڤاکی و ڕۆشنبیری و سیاسی، ”بوونی گەلی خۆمان بپارێزین و پەرەی پێ بدەین، بەتایبەت کە هەلومەرج لە هەرێمی کوردستان و دامودەزگانی زۆر لە بارن.“
ئۆغنا لە لوبنانەوە: بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خزمەتى ڕۆشنبیریی سریانى لە ناوچەكە دەکات
