نووسەر و چاودێرێكی سیاسی لە ئەڵمانیا، ڕەخنەی توند لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە سلێمانی ”موڵكی بابی جاشزادەكان نییە تا هەرزانفرۆشی بكەن.“ لە میانی گفتوگۆكان لەسەر پشك و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراقدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پاڵپشتیی شۆڤێنییەكانی نێو پەرلەمان، هەوڵدەدات بە پاساوی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات (كە چاودێران جەخت دەكەنەوە ئەم پاساوە ڕاست نییە و كێشە لە دابەشكردنی داهات نییە، بەڵكوو لە دزین و تاڵانكردنی داهاتی سلێمانییە)، بڕگەیەك دابنێن كە بەغدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات. ئەم هەنگاوەش لە لایەن سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان ڕەت كراوەتەوە، تەنیا یەكێتی هەوڵی بۆ دەدات. لەمبارەیەوە د. زیرەك عەبدوڵا، چاودێری سیاسی كە لە ئەڵمانیا دەژی، نووسینێكی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە و تێیدا نووسیویەتی: ”کە 16ی ئۆکتۆبەر بە ئاسایی تێپەرێت، بێگومان بە جیا مامەڵەکردنی سلێمانیش لەگەڵ بەغدا ئاسایی دەبێت! بەڵام سلێمانی موڵکی بابی جاشزادە بێئەرزشەکان و تاقمە ئەلقە لە گوێیەکەیان نییە، تا بیخەنە سەر تەرازووی مامەڵەکردن و هەرزانفرۆشتن، بەڵكوو موڵکی (شەهیدان، ئازادیخوازان، ئەدیبان و.. هتد)ییە.“ ڕوونیشی كردۆتەوە، خەڵكی کوردستان خوێنی بۆ ئازادیی کوردستان، لەوانەش ئازادیی شاری سلێمانی داوە، پێویستە بەفیڕۆ نەدرێت. هاوكات بە پێویستی زانیوە، ستۆپ بە كوڕانی تاڵەبانی بكرێت و پرسیاری ئەوەشی كردووە: ”ئەی ئێوە ناڵێن سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی! باشە هەڵمەت بۆ سەر کێ و قوربانی لە دەست کێ؟ ئایا لۆژیکییە ئەو وڵاتەی (عێراق) كۆڵانەكانی سلێمانی بە خوێنی گەنجەکان سوور دەکرد، ئێستا بۆ چەند دەسکەوتێکی ماددی، خۆتی رادەست بکەی و چۆکی بۆ دابدەی؟ ئەی لەو کاتەدا کێ و چۆن ئەچێ بەگژ قوولەی قافا؟“ بە بڕوای زیرەك عەبدوڵا كە دكتۆرای لە زانستی كۆمەڵناسیدا هەیە، ”کاتێک سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیا بکەنەوە، واتا کورد لە کورد جیا دەکەنەوە، واتا قەوارەی سیاسیی کوردستان لەناو دەبەن، ئەوەش مافی هیچ کەس و لایەنێک نییە، چ جای كەسانێكی جاش.“ ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیلانێكی هەرێمییە و جووتبرای خۆسەپێنی یەكێتی ”وەک بووكەڵەیەك خەریکی بەرجەستەکردنی ئەو یارییە دزێوەن، چونکە نانی ئەوان لە جاشێتی دایە، کوردی نەگبەتیش کەوتۆتە ناو ئەو هەموو دوژمنە، کە هەرمێن بە جاشایەتی دەدەن.“ زیرەك عەبدوڵا ڕەخنەی لەوانە گرتووە كە ”دوای ئەو هەموو ناپاكییە“ دەنگ بە یەكێتی دەدەن و لێیان دەپرسێت: ”ئێوە کە خۆتان پێ نیشتیمانپەروەرە، بۆچی جاش دەکەنە سەرۆکی خۆتان؟“ د. زيرەك عەبدوڵا