پەیمانگای واشنتۆن لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەیدا هۆشداریی داوە لە زیادبوونی ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا و ئاماژە بەوە دەکات کە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، لە ناویاندا حەشدی شەعبی، هێز و هەژموونی خۆیان زیاد کردووە و دەشڵێت زیادبوونی ژمارە و فراوانبوونی ئیمتیازاتی ئەم میلیشیایانە مەترسیی لەسەر کارمەندانی ئەمریکا و سەقامگیریی عێراق دروست دەکات. بەپێی بودجەی ساڵی 2023ی عێراق، ئێستا حەشدی شەعبی خاوەنی 238 هەزار چەکدارە کە نزیکەی نیوەی قەبارەی سوپای عێراقە. بەغدا ئەمساڵ دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی بودجەی ئەم هێزانەی نزیک لە ئێران تەرخان کردووە، ئەمەش نیگەرانیی دەربارەی پەرەسەندنی کاریگەرییەکانیانەوە دروست کردووە. هەروەها حکوومەتی سوودانی پلانی بۆ دروستکردنی ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندووە و ئەوان شایستەی خانەنشینی دەبن لە کاتی خانەنشینبوونیان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونێکی درێژخایەن بە فراوانکردنیان. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی بە ناوی ئەسحابی کەهف (اسحاب الکهف)، بەهۆی پەیوەندیی ئیدارەی بایدن لەگەڵ سوودانی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای نوێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە “هێزە داگیرکەرەکانی” ئەمریکا لە نێویشیاندا بنکە و کاروانەکانی لە عێراق کرد. لە کاتێکدا سوودانی هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، هەروەها کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە وزەی ئێران، هیچ باسی لە فراوانبوونی سەربازیی حەشدی شەعبی نەکردووە. ئەم شکستە نیگەرانی لەسەر سەقامگیریی ئایندەی عێراق و چەسپاندنی هەژموونی حەشدی شەعبی دەورووژێنێت. سیاسەتی نەرمی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە سوودانی، هەندێک ئەنجامی ئەرێنیی لێ کەوتەوە، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە کۆنترۆڵنەکراون، مەیلیان هەیە دەسەڵاتیان بەسەر عێراقدا بەهێزتر بکەن.