ئەو لایەنە كێیە كە دەتوانێت بەشێك لە بڕگە و ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجە لا ببات؟

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، کە ئێستا پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق کارەکانی تەواو بووە و دوای دەرچوونی رێنوێنی، یاساكە جێبەجێ دەكرێ. شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “کارەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان تەواو بووە، رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێ تا لە ماوەی ١٥ رۆژدا واژووی بکات، ئەگەر لەو ماوەیە واژووی نەکرد ئەوا راستەوخۆ پرۆژەکە خۆی دەبێت بە یاسا و رەوانەی وەزارەتی داد دەکرێ تا لە رۆژنامەی وەقایع بڵاو بکرێتەوە.” پەرلەمانتارەكە گوتیشی: “دواتر پرۆژەکە دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رێنوێنی بۆ بڕگە و ماددەکان بۆ جێبەجێکردنیان دەردەکات، ئەگەر ماددە زیادکراوەکان و ماددە دەستکاریکراوەکان بە دڵی وەزارەتی دارایی نەبێت، ئەوا دەتوانێت لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە تانەی لێ بدات، ئەگەر ماددەیەک لەلایەن دادگاکەوە لابرا ئەوا تەواو لادەبرێت و ناگەڕێتەوە پەرلەمان.” سەبارەت بە ئەو وادەیەی کە پێویستە بۆ تەواوبوونی ئەم هەنگاوانە و کاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە ئەمساڵدا، شوان محەمەد گوتی: “دوای دەرچوونی رێنوێنییەكان لە وەزارەتی داراییەوە یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام چەند رۆژ دەخایەنێت دیار نییە و دیار نەکراوە.”