لە كاتێكدا ئەمڕۆ 12ی حوزەیران، وڵاتانی جیهان ئاهەنگیان بە بۆنەی ڕۆژی نەهێشتنی كاركردنی منداڵانەوە گێڕا، ئامارێكی فەرمی راگەیەندرا كە تیایدا ئاشكرا كراوە لە عێراق 900 هەزار منداڵ كار دەكەن. ئەنەس عەزاوی ئەندامی پێشووی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشكرای كرد كە ئێستا ڕێژەی نەخوێندەواری لە عێراقدا بە 47%ی ڕێژەی گشتیی دانیشتوانی وڵاتەكە دەخەمڵێندرێ. گوتیشی بەپێی ئامارەكانی یونیسێف، منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ لە عێراقدا، 13%یان نەخوێندەوارن و هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخسێندراوە بچنە قوتابخانەوە. ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نزیكەی 900 هەزار منداڵی كاركەر و كرێكار لە وڵاتەكەدا هەن.