بەرپرسێكی گەنجینەیەك لەبارەی ئەوانەی كەفیلیان هەیە و قیستی پێشینە ناگەڕێننەوە روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: ”بەپێی یاسا، ئەگەر ئەوەی قیستی پێشینەی لەسەرە هەر پابەند نەبوو، ئەوا مووچەی كەفیلەكەی رادەگرین.“ سیامەند ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی ئیدارەی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەوەی قیستی پێشینەی ماوە، بەتایبەت لای ئێمە قیستی پێشینەی هاوسەرگیری هەیە، هەركەسێك نەیگەڕێنێتەوە، ئەوا لە رێگەی كەفیلەكەیەوە، كە فەرمانبەرە، ئاگادار دەكرێتەوە، تاوەكوو پابەند بێت بەگەڕانەوەی قیستەكە.” ئاماژەی بەوەش دا: “ئەگەر هەر پابەند نەبوو، ئەوا مووچەی كەفیلەكە رادەگرین، ئەوەش كارێكی یاساییە و بەپێی رێنوێنییەكان دەكرێت.” پێشینەی هاوسەرگیری یەك ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار بوو، ساڵانە قیستەکان شەش مانگ جارێکە و بڕەکەیشی 180 هەزار دینارە. بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران گوتیشی: “تا ئەو كاتە مووچەی كەفیلەكانیان رادەگیرێت، كە كەسەكە پێشینەكە دەگەڕێنێتەوە، ئەوكات مووچەی كەفیلەكە خەرج دەكرێتەوە و كێشەی نابێت.” جەختیشی كردەوە، تەنیا مووچە راگرتن دەبێت و پارەی لێ ناگێڕدرێتەوە، گوتیشی: “ئەوەی پێشینەكەی وەرگرتووە، كە هات قیستی خۆی هێنا، ئەوكاتە مووچەكە دەدرێت و كێشەی نابێت.” لە ساڵی 2015ەوە وەرگرتنەوەی قیستی پێشینەكانی هاوسەرگیری، خانووبەرە، سندووقی نیشتەجێبوون لە فەرمانبەران راگیراوە، تەنیا ئەوانە لێیان وەردەگیرێتەوە، كە وەكوو هاووڵاتی وەریان گرتووە.
لەبارەی راگرتنی مووچەی هەندێك لە فەرمانبەران روونكردنەوە دەدرێت
