بە گوژمەی یەك ملیار و 899 ملیۆن دینار پرۆژەیەكی ڕێگاوبان لە قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ‌ دەكرێت

لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست كراوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستكردنی ڕێگای سەرەكیی قەزای مێرگەسۆر-ناحیەی پیران. هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە درێژەی كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا پرۆژەیەكی دروستكردنی ڕێگای سەرەكیی قەزای مێرگەسۆر-ناحیەی پیران بە قۆناغەکانی دروستكردنی پرد و لابردنی بەربەستەكان و فەرشكردن و دیواری پاڵپشت و قیرتاوكردن جێبەجێ دەكرێت.” گوتیشی: ”گووژمەی پرۆژەكە بریتییە لە ملیارێك و 899 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە چاودێریی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ‌ دەكرێت.”