لە بەردەم نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک نەخۆشێک فڕێ دراوە و هاووڵاتییان ڕەخنە لە دەستەی کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دەگرن. بەپێی گرتەڤیدیۆیەک، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی نەخۆش دەچێتە نەخۆشخانەی کۆماری، بەڵام بارودۆخی تەندروستیی زۆر خراپ دەبێ و کەسیشی لەگەڵ نابێ، بێ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت کەسەکە دەر دەکەنە دەرەوەی نەخۆشخانەکە و لەسەر شۆستەکە دەکەوێت. ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵک خواردن و یارمەتییان داوە. لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی 6ی 2023، سامان یابە، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”خۆم ڤیدیۆی ئەو کەسەم نەبینیوە کە لە بەردەم نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک فڕێ دراوە، بەڵام هەر کەسێک سەردانی نەخۆشخانە بکات پێشوازیی لێ دەکرێت.” گوتیشی: ”ڕەنگە ئەو کەسە لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نەبێ، یاخود سواڵکەر بێ و وردەکارییەکەی نازانم، بەڵام لە هەر نەخۆشخانەیەکی حکوومی بێت، پێشوازی لە نەخۆش دەکرێت.”