وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نووسراوێک دەردەکات، کە باسی پلەبەرزکردنەوە و دەرماڵەی بەشێکی فەرمانبەرانی تێدایە. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی دەست (باس‌نیوز) کەوتووە و لە 13ی6ی2023 دەرچووە، تیایدا بە گشتاندنێک چەند ڕوونکردنەوەکی بە وەزارەت و فەرمانگەکان داوە. نووسراوەکە ڕوونکردنەوەیەكی تایبەتە بەو فەرمانبەرانەی بە مۆڵەتی فەرمی بڕوانامەی بەرزتریان بەدەست هێناوە. باسی ئەوە کراوە “مەبەست لە گشتاندنمان ژمارە 19ی 2022، تەنیا خەرجکردنی دەرماڵەی بڕوانامەیە و خەرجکردنی سەرجەم دەرماڵەکانی دیکە دوادەخرێن، تاوەکوو بڕیار لەسەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەدرێ.“ ئەوەش لە نووسراوەکەدا هاتووە: “دەرماڵەی مەترسی بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج ناکرێت، کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنن و پلە و ناونیشانیان نەگەیشتووەتە پلە 7.” وەزارەتی دارایی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: “دەرماڵەی تایبەت بە ڕێژەی 50% خەرج دەکرێت بۆ ئەوانەی، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و دیبلۆمی باڵا هاوتا بە ماستەرن، کە پێشتر هەمواری بڕوانامەیان بۆ کراوە، هەرچەندە ناونیشانیان نەگۆڕاوە و پلەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر نەگەیشتبێتە پلە 6 و پلەی بڕوانامەی دکتۆراش نەگەیشتبێتە پلە 5.” دارایی جەختی کردووەتەوە، ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت. بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارتی دارایی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو بڕیارە بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: “نووسراوەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، كە مۆڵەتی خوێندنیان هەیە و بڕوانامەیان هەژمار کراوە.” ئەو بەرپرسەی دارایی ئاشکراشی کرد: “گشتاندنی ژمارە 19ی ساڵی 2022، تیایدا هاتووە، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه‌كان بڕوانامه‌ی به‌رزتر به‌ده‌ست بهێنێت، بڕوانامه‌كانیان هه‌موار ده‌كرێته‌وه و ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام گۆڕینی ناونیشان و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌یان بۆ ناكرێت، تاوه‌كو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بڕیار له‌سه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت.”