لە كێڵگەیەكی سەختی مینی سنووری قەزای كۆیە، ژمارەیەك مینی دژەكەسیی مەترسیدار لە جۆری ڤاڵمارا V69، دۆزرانەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت. لەم بارەیەوە، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لە بەردەوامیی پرۆسەی مینلابردن لە كێڵگە مینی ”حەمەدەڕەش” لە گوندی كانی كەند، سەر بە قەزای كۆیە، كە یەكێكە لە كێڵگە مینە هەرە سەختەكانی ناوچەكە، لەلایەن تیمی مینلابەری پێنجی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، ژمارەیەك مینی دژەكەسیی مەترسیدار لە جۆری ڤاڵمارا V69دۆزرانەوە. گوتیشی: ”دوای گرتنەبەری ڕێكارە تەكنیكییەكان لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی هەولێر، لە نزیكترین كاتدا چارەسەری پێویستیان دەكرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی مینلابەری لە ناوچەكە بەرەوپێشەوە بڕوات”. ئاشكراشی کرد: ئەم كێڵگە مینە بە هاوكاریی ڕێكخراویITF ی سلۆڤینیا، لەلایەن تیمەكانی مینلابەری بەڕێوەبەرایەتیمانەوە پاك دەكرێتەوە.