ئەمڕۆ هەینی بنەماڵەی خواناس وریا گەنجە تیرۆركراوەكەی چەمچەماڵ روونكردنەوەیەكیان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:بەناوی خودای گەورە و میهرەبانڕوونكردنەوەیەك لە بنەماڵەی كۆچكردوو خواناس وریا گلیلە ٢٢-٦-٢٠٢٣، لە دەوروبەری كاتژمێر ٥:٣٠ دەقیقە و بە ڕۆژی ڕووناك بەبەرچاوی خەڵكەوە لەناو ئاپۆڕای بازاڕی شاری چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولە كوڕەكەمان تیرۆر كرا، ئەمە بەلای ئێمەوە كارێكی ناڕەوا و بێ پاساوە، بۆیە بە بیستنی هەواڵەكە تووشی شۆك بووین، چۆن دەكرێت لەناو قەرەباڵغی ئاپۆڕای باڕاڕی شار بە ڕۆژی ڕووناك بەبەرچاوی خەڵكەوە كەسێك دەستی بچێت لە خوێنی كوڕەكەمان، بۆیە لێرەدا ئێمە وەك بنەماڵەی كۆچكردو سەبارەت بەم ڕووداوە ئەم خاڵانە بۆ ڕایگشتی دەخەینەڕوو:١. بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەكی ئاینی و ڕۆشنبیری، دیاری شاری چەمچەماڵ و دەڤەری كەركوكە جگەلە دەستی خزمەت لە شارەكە، لە هیچ كاتێكدا هیچ خراپە و كێشەیەكمان بۆ هیچ كەس نەبووە و كێشەمان لەگەڵ كەسدا نییە و لەگەڵ ئەم كوڕە و بنەماڵەكەشیدا هیچ كێشەیەكمان نەبووە.٢. ئەو كوڕە كوڕی ئێمەیە و حاشای لێناكەین، ئێمە وەكو خانەوادە شانازی دەكەین بە پابەندبوونمان بە ئاینی ئیسلامەوە، ناشمان ئەوێت كەس گومان لەسەر ناسنامەی ئاینیمان و پەبەندبوونمان بە ئاینەوە بۆ دروست بكات، كوڕەكەمان هەر بیڕوبۆچونێكی هەبوبێت، بەهەڵچوونی گەنجی و كاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام كراوە و چەند مانگێكە لەسەرەخۆ ڕووەو قەناعەتی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو و دڵمانخۆشبوو بەوەی لەوبارەیەشەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا.٣. كوڕەكەمان هەر جۆرە بیركردنەوەیەكی هەبێت تازە حسابی لەدونیادا پێچراوەتەوە بۆ قیامەت، ئێستا ئەسپەردەی لای خودایە و نزامان لێخۆش بوونیەتی لای پەروەردگا. ٤. جەخت لەوە دەكەینەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێكاری یاساییمان گرتەبەر، لە ئێستادا ئەم كەیسە، كەیسێكی قانونییە و لەدەست پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكانە. بۆیە هیوادارین ئەوان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵبسن چی ئیجرائاتێكی قانونینی هەیە بیگرنەبەر. ئێمە كەیسەكەمان داوەتە دەست یاسا، داواكارین یاسا دادپەری بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە، لەتازەترین پێشهاتیشدا ئاگاداركراوینەتەوە كە ڕادەستی ئاسایش كراوە.٥. سەبارەت بەوەی كە هۆكاری ڕووداوەكە چیە ئێمە هیچ شتێك لە خۆماندا شك نابەین و هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیمان نییە، ئەوە پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكانە پێویستە لێكۆڵینەوە بكەن و هۆكارەكەی ئاشكرا بكەن بۆ ڕای گشتی. ٦. تكامان وایە لە هەموو لایەك بە تایبەت دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕ و پەیچ ئەكاونت و كەناڵەكانی سۆشیاڵ میدیا، لە خۆوە لێدوان و ڕاپۆرتی بێ زانیاری بڵاونەكەنەوە، هێندەی تر ڕووحی برینداری ئێمە ئازار مەدەن.٧. ئێمە ئەم ڕوداوە بە تیرۆرێكی بێ پاساو كوشتنێكی ناڕەوا دەزانین، لەهەمان كاتیشدا پێمان وایە وەڵامی وتن و قسە بە فیشەك نادرێتەوە، ئەمە ئەگەر پاساوێكی وەها بوونی هەبێت كە ئێمە ئاگاداریی نین. لە كۆتاییدا دیسانەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئێمە كەیسی تیرۆری كوڕەكەمان بە یاسا سپاردوە هیوادارین لەم كەیسەدا یاسا و دام و دەزگاكانی جێبەجێكردن كاری خۆیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریمان بۆ بەدیبهێنن.وریا نازم گلیلەبری بنەماڵەی كۆچكردوو٢٣-٦-٢٠٢٣