لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، پێشنیازی پێدانی سیستەمی بەرگریی بە پێشمەرگە دەکرێت

ئەمڕۆ هەینی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕگەیەکی بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی بەرگریی 2024 زیاد کردووە، داوا دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، بڕگەکەش بە پێشنیازی ئێرنی ئاودینۆ لە پارتی کۆمارییەکان بووە. دێریک هارڤی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، بە كەناڵی (کوردستان24)ی راگەیاند كە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەموارێکیان بۆ پڕۆژە بڕیاری بەرگریی نیشتمانیی زیاد کردووە کە پشتگیری لە دابینکردنی چەک و پێداویستی زیاتری سەربازی بۆ هاوبەشەکانیان لە هێزی پێشمەرگە دەکات. هەروەها رای گەیاندووە كە یەکێک لەو پێداویستیانە توانای بەرگریی ئاسمانییە، کە زۆر لە سەرکردە ئەمریکییەکان لەو بڕوایەدان ئەمە پێویستە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن.