سەدان پەنابەری عێراقی لە فینلاند ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵپەڕێكی هەواڵی فینلەندی بڵاوی كردەوە حكوومەتی نوێی هێلسینكی بە نیازە سەدان پەنابەری عێراقی بە زۆرەملێ رەوانەی وڵاتەكەیان بكاتەوە، بە هۆی ئەوەی چەند ساڵێكە بە بێ هەبوونی مافی نیشتەجێبوون لە فینلاند ماونەتەوە و هیچ بەڵگەنامەیەكی فەرمیی وڵاتەكەشیان پێ نییە. ماڵپەڕی (نۆرد نیوز)ی فینلەندی ئاشکرای کردووە كە حكوومەتی نوێی وڵاتەكە بە نیازە پەنابەران بە زۆرەملێ بنێرێتەوە وڵاتەكانیان، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتییش یاساكانی یەكێتیی ئەورووپا تایبەت بە پێدانی مافی مانەوە بە پەنابەران. ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق تەنها ئەو پەنابەرانەی وەردەگرێتەوە كە تاوانێكیان ئەنجام دابێت لە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام تا ئێستا دژی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانە. جێی باسە لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند، كە بەر لە مانگێك حكوومەتێكی نوێی لێ كەوتەوە، زۆربەی هێزە سەرەكییەكانی حكوومەتە نوێیەكە و حزبە براوەكانی هەڵبژاردنەكە، حزبە راستڕەوەكانن، ئەوانەی دژی وەرگرتنی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیان لە وڵاتەكەیان.