گوتەبێژى دەستەى گشتیی گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕێکخراوێکى بیانی سەرقاڵى جێبەجێکردنى بڕگەى گەشتوگوزارى کشتوکاڵیین کە بەهۆیەوە داهاتى جووتیاران و گوندنشینان بەرز دەبێتەوە. ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لەو برەوەی کە بە جۆرەکانی گەشتوگوزارى دەدەین، جۆرێکیان گەشتوگزارى کشتوکاڵییە کە بە گەشتوکاڵ بەناوبانگە و لە زۆربەى وڵاتە گەشتیارى و پێشکەوتووەکان پەیڕەو دەکرێت، ئەویش بریتییە لەوەى چەند گوندێک دەکرێنە شوێنى گەشتوگوزار و لەلایەن جووتیارانەوە بەڕێوە دەبرێن “. گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە بە هاوکاریى ڕێکخراوێکى ئەڵمانى سەرقاڵى دیاریکردنى چەند گوندێکین و دواى ئەوە خول بۆ جووتیاران دەکریتەوە کە چۆن ماماڵە لەگەڵ گەشتیارەکان بکەن و شوێنى مانەوە و خزمەتگوزارییان لە خانووەکانیان بۆ دابین بکەن و ئەو خۆراک و پێویستییانەیشى کە دەدیدەنە گەشتیارەکە دەبێت بەرهەمى گوندەکە بێت”. باسى لەوەش کرد: “گەشتیارەکان جگە لەوەى کەشێکى خۆش بەڕێ دەکەن، لەگەڵ جووتیارەکانیش بەرهەمى گوندەکان دەڕننەوە و لێى دەکڕنەوە، بەوەش داهاتى جووتیاران بەرز دەبێتەوە و کاریگەرییشى لەسەر ئاوەدانبوونەوەى گوندەکان دەبێت”. ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەى بەوەش کرد: ئێستا تەواوى ئامادەکارییەکانى جێبەجێکردنى ئەو جۆرەى گەشتوگوزار دەستى پێ کردووە و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەکەوێتە بارى کارتێداکردنەوە.