هەرێمى کوردستان.. تا ئەمڕۆ 421 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکان وەرگیراوە

بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامارى وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بڕیارە تا 15ى ئەو مانگە تەواوى بڕە گەنمى دیارىکراو وەربگیردرێت.

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لە سەرەتاى دەستپێکردنى پڕۆسەى وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان لە سایلۆمان تا ئەمڕۆ 421 هەزار تۆن گەنم وەرگیڕاوە، کە ئەوەش نزیک دەبێتەوە لە بڕى دیاریکراو کە 500 هەزار تۆنە”.

گوتیشى: “دواوادە بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لە سایلۆکان ڕۆژى 15/7/2023یە و تا ئێستا هیچ شتێک لە ئارادا نییە کە وادەکە درێژ بکرێتەوە و پێمان وایە تا ئەوکات تەواوى بڕە گەنمى دیاریکراو وەردەگیرێت”.

نەوزاد ئەدهەم ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: “ئەمساڵ جووتیاران لەو بڕەى کە لە سایلۆکان وەردەگیرێت زیاتر گەنمیان بەرهەم هێناوە، بۆیە ئەو زیادەیەى دەمێنێتەوە، حکوومەتى هەرێکمى کوردستان ڕێککەوتنى لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە کە بە نرخى گونجاو لێیان بکڕێتەوە”.