لەسەر بودجەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستاب چەند پرۆژەیەكی كارەبا لە سنووری قەزای چۆمان جێبەجێ دەكرێن و بۆ یەكەمین جاریش كارەبای نیشتمانی دەگەیەندرێتە ناحیەی حاجی ئۆمەران. ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە درێژەی كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا چەند پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە قەزای چۆمان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەكرێن، لەوانە، بنیادنانی هێڵی 132 كەی ڤیی (سۆران 2 –چۆمان) بە درێژایی 45 كیلۆمەتر، هێڵی 33 كەی ڤیی چۆمان–حاجی ئۆمەران بە درێژایی 20 كیلۆمەتر، دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 132/33 كەی ڤیی چۆمان بە قەبارەی 45 مێگاوات، وێستگەی مۆبایلی 33/11 كەی ڤیی حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25 مێگاوات”. گوتیشی: ئەم چوار پرۆژەیە بە گوژمەی نزیكەی 13 ملیار دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن كۆمپانیای “هێرۆ”وە جێبەجێ دەكرێن و كێشەی نزمبوونی ڤۆڵتیەی كارەبا لە قەزای چۆمان چارەسەر دەكەن و بۆ یەكەم جار تۆڕی كارەبای هەرێمی كوردستان دەگاتە حاجی ئۆمەران”. بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: “چەند ساڵێكە كارەبای حاجی ئۆمەران لە ئێرانەو هاوردە دەكرێت. دوای تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، دانیشتوانانی ئەم ناحیە لە كارەبای نیشتمانی سوودمەند دەبن.”
بە گوژمەكەی 13 ملیار دینار چەند پرۆژەیەكی كارەبا لە سنووری قەزای چۆمان جێبەجێ دەكرێت
