لە عێراق تاوان تەشەنە دەكات و نزیكی هەزار بازرگانی هۆشبەر و قاچاغچی دەگیرێن

دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاشكرای کردووە، لە ماوەی یەك هەفتەدا نزیكی هەزار تۆمەتبار و بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر و گرووپی قاچاغچیی دەرمان و  نەوت دەستگیر كراون. لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگای هەواڵگریی عێراقدا هاتووە: “لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی توانیویەتی 616 تۆمەتبار بە كەرەستەی جۆراوجۆر دەستگیر بكات، لەگەڵ گرتنی 73 تیرۆریست و 213 بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لە بەغدا و پارێزگاكان.” ئاماژەی بەوەش كردووە كە هەر لەو ماوەیەدا هەزار و 156 حەبی هۆشبەر و نزیكی سێ كیلۆ كریستاڵ و سێ تۆن دەرمانی قاچاغ دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە. ئاشكرایشی كردووە: 59 چەكی جیاواز گیراون و سێ شوێنی بەقاچاغبردنی نەوت ئاشكرا كراون، لەگەڵ دەستگیركردنی 16 قاچاغچیی نەوت. بەپێی ڕاپۆرتەكانی دەزگای هەواڵگریی عێراقی هەفتانە بە سەدان تاوانباری جۆراوجۆر دەستگیر دەكرێن كە زۆربەیان بازرگان و بەكارهێنەری هۆشبەر و قاچاغچیی جۆراوجۆرن.