ئەردۆغان: لە مێژووی سیاسیدا زللەیەكی گەورە لە جەهەپە درا

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، هێرشی كردە سەر جەهەپە و گوتی لە مێژووی سیاسیدا گەورەترین زللەیان لێ درا. دوای ئەوەی، هەریەك لە پارتی سەعادەت و ئایندە و دەوا، لەناو پەرلەمانی توركیا نەچوونە پاڵ جەهەپە و بەتەنیا فراكسیۆنیان پێك هێنا، ئەمە گورزێكی گەورە بوو بەر جەهەپە كەوت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو دەنگانەی ئەو سێ پارتە بەدەستیان هێنا، بەهۆی ئەوەوە بوو كە بە یەك لیست لەگەڵ جەهەپەدا چوونە ناو هەڵبژاردنەوە. هەرسێ پارت بوونە خاوەنی 39 كورسی، بۆیە لە وتارێكدا لە گومووشخانە دەڵێت: ”زللەیەكی گەورەیان لە جەهەپە دا و 39 پەرلەمانتاریان لێی كردەوە. هەشت هەفتە بەسەر هەڵبژاردنی توركیادا تێ پەڕیوە، حەوت پارتی ئۆپۆزسیۆن دووچاری شكست بوونەوە، بەڵام كەسیان ئامادە نەبوون دەست لە كار بكێشنەوە، لە كاتێكدا دەیانگوت ئەگەر نەیبەینەوە واز لە سیاسەت دەهێنین، كەچی كەسمان نەبینی واز لە سیاسەت بهێنێت.”