ترەمپ دەڵێ ببێتەوە بە سەرۆك، گەشتی هاووڵاتییانی عێراق بۆ وڵاتەكەی قەدەغە دەكات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و كاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەكە رای گەیاند ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆك، ئەوا لە داهاتوودا قەدەغەكردنی گەشتكردنی هاووڵاتییانی چەند وڵاتێك بۆ ئەمریكا لە جاران توندتر دەكات. ترەمپ لە میانی وتارێكدا كە لە ویلایەتی ئایۆوا پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا قەدەغەکردنی گەشتکردنی هاووڵاتییانی چەند وڵاتێك لەوانەش عێراق، دەگەڕێنێتەوە بواری كارپێكردن و لە جارانیش توندتری دەكات. ترەمپ هۆكاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە دەیەوێ وڵاتەكەی لەو ئاژاوەگێڕییانەی پەنابەران بپارێزێت كە وڵاتێكی وەكو فەرەنسا ئێستا تێی كەوتووە. بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، ترەمپ گوتوویەتی “کاتێک دەگەڕێمەوە سەر پۆستەکەم، قەدەغەکردنی گەشتکردن لەسەر چەند هاووڵاتییانی چەند وڵاتێك، هێندەی تر توند و بەهێزتر دەكەم لە پێشوو”. هەروەها گوتوویەتی: “دەمانەوێ دۆخی ئابووریی وڵاتەكەمان بەرز بكەینەوە و نامانەوێت خەڵکی بێن شارەکانمان بتەقێننەوە، نامانەوێت خەڵکانێك بێن کێڵگەکانمان بدزن، ئەوەی لە فەرەنسا ڕووی دا، لە ئەمریکا ڕوونادات”. جێی باسە میدیاكانی ئەمریكا، ئەم لێدوانەی ترەمپیان بە رەگەزپەرستانە وەسف كردووە.