بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپێی چەند ڕێنوێنییەك، لە سنووری ئیدارەی سۆران هاوكاری دارایی و پێداویستی پێشکەشی قوتابیانی بێباوك دەكات و تا ئێستا ناوی زیاتر لە 500 منداڵ تۆمار كراوە. نێچیرڤان عەبدلواحید گوانی، بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەردەوامیی پرۆژەی ئازیزانیدا كۆمەڵێك مەرج و ڕێنوێنیی نوێی بۆ دیاری كراوە، بۆ تۆماركردنی منداڵانی بێباوك، بەتایبەت ئەوانەی كە قوتابین، بە مەبەستی پێدانی هاوكاری دارایی مانگانە و پێدانی پێداویستییەكانی دیكە”. گوتیشی: ڕێنوێنییەكان بۆ تۆماركردنی سوودمەندان لەم پڕۆژەیە بریتین لە “منداڵەكە تەمەنی لە خوار 10 ساڵی بێت، وەفاتنامەی باوكی بێنێت، پشتگیریی قوتابخانەی هەبێت، باروگوزەرانیان خراپ بێت”، بۆ ئەمەش تیمێكی تایبەت دیاری كراوە و لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوەكان تۆمار دەكرێن، ئێستا ناوی زیاتر لە 500 منداڵ تۆمار كراوە و بەردەوامیشن لە تۆماركردنیان”. ئاماژەی بەوەش دا: “لە دوای تۆماركردنی ناوی ئەم منداڵانە و گونجانیان لەگەڵ ڕێنوێنییەكان، مانگانە هاوكاریی داراییان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ دابین دەكرێت، جگە لەوەش، لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا هاوكاری و پێداویستیی دیكە بەم منداڵانە دەدرێت.”