سەفین دزەیی: هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمریكا دەكات

سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا، وێڕای چالاكییە دیبلۆماسییەكان، ئاشكرای كرد كە هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمریكا دەكات. سەفین دزەیی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی هیچ كاتێك ناوەستێت و پەیوەندییەكان بەردەوامن، بەڵام بەپێی قۆناغەكان رەنگە جیاوازی دروست ببێت، لە كاتی كۆرۆنا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بۆ ماوەیەك پەكی كەوتبوو. كارەكان لە ڕووی دیداری راستەوخۆ كەمتر بوون و زۆرتر دیدارەكان لە ڕێگەی ئۆنلاین بوون. بەڵام وێڕای ئەوەش، هەوڵەكان بەردەوام بوون چ لە ئاستی خودی سەرۆك وەزیران و چ لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە.“ ڕوونیشی كردەوە: ”لە تەمەنی كابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا، كونسوڵخانەی ئەرمەنستان لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، هەروەها قەتەڕ بڕیاری داوە لەم نزیكانە كونسوڵگخانەكەی بكاتەوە، ئازەربایجانیش ئامادەیی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی دەربڕیوە. لەو پەیوەندییانەی ئێستا هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە، هەنگاوی باش نراوە و دەرفەتی باشتر بوون و فراوانتربوونیشی هەیە لە هەمان كاتدا، پەیوەندییەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بڕیوە.“ سەفین دزەیی باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوە هەیە، ”پرۆژەیەكمان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، دوای دیراسەكردنی ئەولەوییەت و زەروورەتەكان، بۆ ئەوەی چەند نوێنەرایەتییەك زیاد بكەین، بە تایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی كە بەداخەوە نوێنەرایەتیمان لەو وڵاتانە نییە، لە كاتێكدا شەش كونسوڵخانەی وڵاتانی عەرەبی هەیە و بە قەتەرەوە دەبێتە حەوت، پێشنیازمان كردووە سێ تا چوار نوێنەرایەتیی دیكە بكرێتەوە لە وڵاتانی عەرەبی و توركیاش.“ باسیشی لەوە كرد، لە هەرێمی كوردستان 25 كونسوڵخانە هەن، چەند كونسوڵخانەیەكی دیكەش لە بەرنامەدان بكرێنەوە. وێڕای ئەوەی چوار دانە نوێنەرایەتی هەن كە كونسوڵخانە نین، بەڵام ئۆفیسی نوێنەرایەتین، پێنج كونسوڵخانەی فەخریی وڵاتانیش هەن كە لەم كونسوڵخانانەدا هاووڵاتییەكی خۆمان ئەركی هەندێك كاروباری ئەو وڵاتانە لەئەستۆ دەگرێت. جگە لەوە ڕێكخراوەكانی یوئێن و یۆنامی و ..هتد هەن. لە هیچ هەرێمێك یان تەنانەت لە هەندێك لە وڵاتانیش ئەوەندە كونسوڵخانە نییە كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە. سەرۆك وەزیران لە سەرەتای كابینەكەیەوە كۆمەڵێك سەردانی بۆ (ئوردن، توركیا، ئیتاڵیا و ڤاتیكان، بەلجیكان، هۆڵەندا، یۆنان، وڵاتانی كەنداو..) كردووە، بەشێك لە ماوەكان بەهۆی كۆرۆنا سەردانەكان نەكران. كۆنگرەی داڤۆسیش هەموو ساڵێك بەشدارییەكی كارای تێدا هەبووە. سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، لەبارەی سەردانەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، ئاماژەی بەوە كرد: ”سەردانی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم و وەزیرە بەڕێزەكان هەمیشە لە ئاستی بەرز پێشوازییان لێ كراوە. ساڵی رابردوو كە لەگەڵ كاك مەسرور سەردانی بەریتانیامان كرد، لەگەڵ هەشت وەزیری بەریتانیا دیدارمان هەبوو، چەندین لێكتێگەیشتن هەبوو، دوای گەڕانەوەمان لەگەڵ كونسوڵخانەی بەریتانیا نەخشەڕێگەیەكمان دانا بۆ پراكتیزەكردنی لێكتێگەیشتنەكان. دواتر سەردانی بەلجیكا و فەڕەنسا و چەندان شوێن كراون، ئێمە وەكوو حكوومەت و هیوادارم خەڵكی كوردستانیش شانازیی پێوە بكەین. ئێستا خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان جێی بایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە ڕووی پێشكەوتنی ئابووری و ژێرخان و فرەچەشنكردنی ئابووری و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی، بنەمایەكیش لە 1992ەوە دامەزراوە كە پرەنسیپە هاوبەشەكانی كۆمەڵگەی ئازادی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت كە دیموكراسییەت و مافی رادەربڕین و كۆمەڵێك بنەمای دیكەن، بەڵام هێشتا لە هەندێك بواردا كەموكوڕی هەیە، هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكارمان بن.“ لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا سەفین دزەیی ئاشكرای كرد كە شاندێكی هەرێمی كوردستان دەچێتە ئەمریكا و گوتی: ”هەفتەی داهاتوو سەردانێكی فەرمیی ئەمریكامان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی باڵوێزخانەی ئەمریكامان كرد. سەردانەكەمان بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، لە رابردوو پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا لە ئاستێكی فراوان بوو، لە مانگی 11ی 2019 سەردانی ئەمریكامان كرد و كۆمەڵێك دیدارمان هەبوو، بەڵام بەهۆی كۆرۆنا ماوەیەك سەردانەكان كەم بوونەوە. لە نزیكەوە گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخەكە و پێشهاتەكانیش دەكەین كە لە بەرژەوەندیی خەڵكیدا بێت.“