ئەمڕۆ دووشەممە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە خۆپیشاندانەكان و ناڕەزاییەكانی ئەم رۆژانەی زۆربەی شار و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەهۆی نەبوونی وزەی كارەباوە بەم گەرمای هاوینە، نیشانەی ئەوەن كە خەڵك لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بەشداری ناكەن و دەنگ نادەن. ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دووپاتی کردەوە كە لە کۆی نزیکەی 25 ملیۆن دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا، کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت، سێ ملیۆن دەنگدەر تا ئێستا کارتی هەڵبژاردنەکانیشیان نوێ نەکردووەتەوە، كە مەرجی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەمەش سەرباری ئەوەی دۆخی بێزاری و ناڕەزاییەكانی خەڵك لە شەقامی عێراق ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی كە چەند رۆژێكە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا، ئێران غازی لەسەر عێراق بڕیوە و بەم هۆیەوە حكوومەتی فیدراڵی ناتوانێ وزەی كارەبا بەرهەم بێنێت. میدیاكانی عێراق دەڵێن شەپۆلی ئەو ناڕەزاییەی ئێستا شەقامی عێراقی گرتووەتەوە، كاریگەریی گەورە لەسەر ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەجێ دێڵێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، كەمترین ڕێژەی دەنگدەر بەشدارییان كردبوو. جێی باسە کۆمسیۆن لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردووەوە دەستی بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان کردووە و لیژنە تەکنیکییە تایبەتمەندەکان لەمبارەیەوە پێکهێنراون، ئەمڕۆش جومانە ئەلغەلای گوتەبێژی کۆمسیۆن ڕای گەیاند “لە 15 پارێزگادا زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگدەر هەن کە خاوەنی کارتی کورتخایەنن، کە بەو کارتە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی 2021دا کردووە، پێویستە پێداچوونەوە بە ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن”.