ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دانیشتوان لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی كردەوە كە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە زیاتر لە 43 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێ و ڕێژەی نێر لە ڕێژەی مێ بەرزترە و ڕێژەی منداڵبوونیش دابەزیوە. وەزارەتە عێراقییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ئەمساڵی 2023، بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس خەمڵێندراوە، هەروەها ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی ساڵانەش بە 2.5% خەمڵێندراوە. بەپێی بەیاننامەكە، ڕێژەی نێر لە عێراقدا، 50.5%ی ڕێژەی گشتیی دانیشتوان پێك دێنێت و ڕێژەی مێ 49.5%ی ڕێژەی کۆی دانیشتووان پێك دێنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە گرووپی تەمەنی خوار 15 ساڵ نزیکەی 40%ی ڕێژەی گشتیی دانیشتوان پێك دێنن، لە کاتێکدا ڕێژەی سەدی دانیشتوان لە نێوان تەمەنی 15-64 ساڵدا، 57%ی ڕێژەی گشتیی دانیشتوان پێك دێنێت. هەروەها نزیکەی 50%ی دانیشتوانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا – نەینەوا – بەسرە و زی قار دەژین، دانیشتوانی شارەکانیش 70%ی ڕێژەی دانیشتوان پێک دەهێنن. ئامارەكەی پلاندانان ئاماژەی بە دابەزینی ڕێژەی منداڵبوونیش کردووە لە (3.66) لە ساڵی 2018، بۆ (3.3) لەدایکبوون بۆ ژنانی تەمەن (15-49) ساڵ لە ساڵی 2022.