ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیی پۆلیسی رەسافە لە بەغدای پایتەختی فیدراڵیی عێراق، دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و شەڕی خێڵەكی لەناو شاری بەغدا. ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە كە تا ئێستا شەڕی نێوان خێڵەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە و چەكدارانی خێڵ بە بێ گوێدانە یاسا و هێزە ئەمنییەكان و دادگا، لە ڕێگەی تەقەكردن و كوشتنی یەكترییەوە، هەوڵی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان دەدەن. لەمبارەیەوە پۆلیسی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاندووە: “هێزە ئەمنییەكانمان توانیویانە پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە هەوڵی هێرشکردنە سەر خێڵێكی تریان داوە.” ئاماژەی بەوەش کردووە كە دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات کە دانیشتووی گەڕەكێكی بەغدا زانیاریی بە پۆلیس داوە بەوەی چەکدارانی خێڵێك هەوڵی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەدەن، دوای ئەوەی کێشەیەکی خێڵەكیان هەبووە.