ڕۆژی سێشەممە 11/7/2023 ڕووسیا وەکوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان درێژکردنەوەی مۆڵەتی پرۆسەی گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەی لە ڕێگای تورکیاوە ڤیتۆ کرد کە داوا کرابوو مۆڵەتی ئەو پرۆسەیە بۆ نۆ مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە. دواتر نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کرد مۆڵەتی پرۆسەکە بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ بکرێتەوە کە لە ساڵی 2014 بەملاوە بەردەوامە، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویستی بۆ کۆ بکاتەوە و پەسندی بکات. جێی ئاماژەیە کە مۆڵەتەکە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کۆتایی هات. لیندا تۆماسگرینفیڵد، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بەردەوام بن و داوایشی لە ڕووسیا کرد بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە. ئەنتۆنی گۆترێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای کردبوو مۆڵەتی پرۆسەکە بۆ ماوەی 12 مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە. حکوومەتی سووریا و ڕووسیا درێژکردنەوەی مۆڵەتی گەیاندنی هاوکارییەکان بە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی سووریا لەقەڵەم دەدەن.