د. كاروان هەورامی: ئەگەر مەسرور بارزانی خۆڕاگر نەبا زەحمەت بوو رووبەرووی بەرژەوەندیی ئەو هەموو گەندەڵە ببێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێ، حكوومەتێكی بەهێز لە کوردستان لە بەرژەوەندی گەندەڵکاراندا نییە، بۆیە گەندەڵان هەموو کاریان ئەوەیە حکومەت لاوازبێ تا کەس رێگریان لێ نەکات جگە لە لاوازکردنیشی هەمیشە کار دەکەن بۆ ناشیرینکردنی و دروستکردنی گومان لەسەر هەموو شتێکی. د.كاروان هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی “تەنيا لە فەرمانگەی ئێمە و ساڵی رابردوو، سێ پڕۆژە کە بۆ بەرژەوەندی سێ کەس لە ناوچەیەکی کوردستان بە کردن درابوون، راگیران و نزیکی دوو ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گێڕدرایەوە، ئەم کەسانە بێگومان دەستڕۆشتوو و خاوەن نفوزن، بێگومان ئەمانە دەبنە دژی کابینەی نۆ و خودی سەرۆکەکەی.”هەورامی دەشڵێ: “دوایی هەر ئەمانە پەیجی فەیک دروست دەکەن و دێنە سەر شاشە و جنێو بە حکوومەت دەدەن کە جیاوازی دەکات، خزمەتی خەڵک ناکات!پڕۆسەی چاکسازی، لە کوردستان،دوژمنی زۆرە جگە لە دەرەکییەکان، ئەم دوژمنانە هەندێکیان حیزبن و هەندێکیان لە ژێرپەردەی عەشیرەت و هێزی چەکداردا خۆیان حەشارداوە، بۆیە کاتێک دەست دەخەیتە بینی بەرژەوەندییە ناڕەواکانیان رووبەڕووی حیزب و گروپ و هێزی چەکدار دەبیتەوە، کێشەکەش ئەوەیە تا تۆ بابەتەکە روون دەکەیتەوە ئەو هەموو دنیا پڕ دەکات لەسەر مەزڵومیەتی خۆیی.” د. كاروان هەورامی نووسیویەتیشی: “حكوومەتێكی بەهێز لە کوردستان لە بەرژەوەندی گەندەڵکاراندا نییە، بۆیە گەندەڵان هەموو کاریان ئەوەیە حکومەت لاوازبێ تا کەس رێگریان لێ نەکات جگە لە لاوازکردنیشی هەمیشە کاردەکەن بۆ ناشیرین کردنی و دروستکردنی گومان لەسەر هەموو شتێکی.” لە كۆتاییدا نووسیویەتی “بە ئەزموونی کورتی خۆم و لە ماوەی ساڵ و سێ مانگی کارکردنمدا لە کابینەی نۆ بۆ جارێکیش ویژدانم ئازاری نەداوم، چونکە باکم بە هیچ گەندەڵێک نەبووە و ئەوەی لە بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەی بووە کردوومە، ئەوەی ئەو جورئەتەی پێداین ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانێک وەکو چیایەک لە پشتمانە بۆ رێگای راست، ئەگەر بەڕێز مەسروور بارزانی خۆڕاگر نەبا زەحمەتبوو رووبەڕووی بەرژەوەندی ئەم هەموو گەندەڵە و ئەم هەموو تەحەدییە ببێتەوە و شتێکیش بەناوی کوردستان و قەوارەکەی نەدەما،بۆیە شانازی دەکەم لە کابینەی نۆدا خزمەتی کوردستان دەکەین.”