سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە، كە 90٪ی پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی بیناسازی لە عێراق گەندەڵیی تیادایە، هاوكات باسی لەوەش كردووە، كە هەندێك كەس وەكوو كرێ وەرگر، پارەی وەستاندنی ئۆتۆمبێل (گەراجانە) لەسەر شەقامە گشتییەكان وەردەگرن. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دان بەوەدا دەنێت، كە 90%ی پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی بیناسازی لە عێراق گەندەڵیی تیادا كراوە. سەرۆك وەزیران لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ سكرتارییەتی بەغدا، لە وتەیەكیدا، كە ئاژانسی هەواڵی (عێراق)ی بڵاوی كردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، 90%ی پرۆسەكانی پێدانی مۆڵەتی بیناسازی بریتین لە گەندەڵی، ڕێگریكردن لە كاركردن. گوتووشیەتی: ”كەسانێك هەن خۆیان وەك كرێ وەرگری شەقامەكان دادەنێن و بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی پارە لە خەڵك وەردەگرن، لە بەرامبەر بە وەستاندنی ئۆتۆمبێل.“ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، سەبارەت بە خاویی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ڕووپۆشكردنی شەقامەكان، سكاڵایان لە هاووڵاتییانەوە پێ گەیشتووە. هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە، كار بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانە بكات.