ئومێد سه‌باح: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی باڵا له‌ نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت

شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ل لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆ بوونه‌وه‌ و بڕیاره‌ وایه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی باڵا ئه‌نجام بدرێت.

ئه‌مڕۆ 17/7/2023/ ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیونای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئێستا سه‌رپه‌رشتیی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌ به‌غدا، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (فه‌یسبووك) په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، “بە سەرپەرشتی تیمی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ تیمی باڵای حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کۆبووینەوە.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، گفتوگۆ کرا لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی برگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ئیتیحادی دا.

ئاشكراشی كردووه‌، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی عێراق بەردەوام دەبن و بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت.”